تبليغاتX

"سلاو * به‌خێر بێن بۆ ماڵپه‌ڕی ژینگه *** ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ جیا بیرانت له‌ سێداره‌ ده‌ده‌ی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی گوریسه‌. وه ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ جیابیرانت ڕاپێچی به‌ندیخانه‌ ده‌که‌ی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی دیواره‌. وه ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ جیابیرانت دا به‌ شه‌ڕ دێی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی چه‌قۆیه‌. وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌رکوو ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ جیا بیرانت دا دێیته‌ وتو وێژ و شتانێک ده‌سه‌لمێنی و به‌ شتانێکیش ڕه‌زامه‌ندی ده‌رده‌بڕی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی عه‌قڵ و ژیری یه‌. مسته‌فا سادق رافعی ‌
ژینگه - ژینێک له‌ پۆشاکی مه‌رگ دا

نووسه‌ر : شه‌مامه‌ / بانه‌ shemame

خه‌نده‌و پێکه‌نین ، خۆشی و شادی ، ڕووی گه‌ش و ئاڵ ، دیمه‌نی جوان و سه‌ر حاڵی هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و شتانه‌ن که‌ مرۆڤ هه‌وڵی له‌سه‌ر ده‌دا و بۆی تێده‌کۆشێ .

غه‌م و په‌ژاره‌ ، گریان و ڕۆڕۆ ، ڕووی تاڵ و گرژ ، بێ تاقه‌تی و که‌ساسی ، ته‌مبه‌ڵی و ته‌وه‌ززه‌لی هه‌موو ئه‌مانه‌یش ئه‌و شتانه‌ن که‌ مرۆڤ هه‌وڵ ئه‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕه‌وان و ڕووی خۆی بیسڕێته‌وه ‌و بکووژی بکا .

ئه‌م دوو دیمه‌نه‌ (خه‌نده‌ و گریان) دوو شتی لێک جیاوازن و به‌ هاتنی دانه‌یه‌کیان ئه‌وی تریان ڕاوده‌نرێت و قووتار ده‌بێ ، وه‌ به‌ درێژایی مێژوو هیچ کات و زه‌مه‌نێک نه‌بووه‌ که‌ مرۆڤ هه‌وڵی ده‌ست خستنی به‌شی دووهه‌می دابێت و زه‌حمه‌تی بۆ کێشابێت ، به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مرۆڤ هه‌موو کاتوو زه‌مه‌نێک هه‌وڵی به‌ ده‌ست هێنانی به‌شی یه‌که‌می داوه‌ و بۆی کۆشاوه‌ .

به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ سه‌رنجه‌کان بۆ لای خۆ ڕاده‌کێشێت و چاوه‌کان به‌ره‌و خۆی ئه‌بڵه‌ق ده‌کا ئه‌مه‌یه‌ که‌ هه‌رچه‌ند مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ بار و دۆخێکی پڕ له‌ هێسایی و ئاسووده‌یی دا ده‌ژی ، به‌ڵام گریان و ڕووی تاڵ و غه‌م و په‌ژاره‌یش وه‌ک شادی و خه‌نده ‌و پێکه‌نین بگره‌ زیاتریش له‌سه‌ر ڕوومه‌تی زۆرێک له‌ مرۆڤه‌کان به‌دی ده‌کرێت و ده‌بینرێت .

به‌دی هاتنی ئه‌م چه‌شنه‌ دیمه‌نه‌ ناحه‌ز و قێزه‌ونانه‌ بۆ هۆکارانێکی زۆر ده‌گه‌ڕێنه‌وه ‌و شتانێکی زۆر له‌ سه‌ر به‌دی هاتنیان ده‌سته ‌و یه‌خه‌ی مرۆڤ ده‌بێت که‌ ده‌مهه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌کی کورت ئاماژه‌ به‌ به‌شێکیان بکه‌م :

1- جیاکردنه‌وه‌ی لایه‌نی ڕۆحی له‌ لاشه‌ :

مرۆڤ ئیستایشی له‌گه‌ڵ بێت‌ هه‌ر نه‌ناسراوه ‌و که‌س نه‌یتوانیوه‌ وه‌کوو مه‌وجودێکی ناسراو ناوی ببات ، جا که‌ مرۆ نه‌یتوانی بێت خۆی بناسێت نایشتوانێ پێداویسته‌کانی مرۆڤ پێناسه‌ بکات و ئاسایشتی بۆ بار بێنێت ، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی که‌ مرۆی ناسیوه‌ ( واته‌ خوای باڵا ده‌ست ) ده‌زانێت مرۆ چی پێویسته ‌و نیازی به‌ چی نىیه‌ ؛ چوون ده‌زانێت مرۆ چییه ‌و له‌ چی پێک هاتووه‌ ! وه‌ هه‌روه‌ها ده‌زانێت بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی لایه‌نی ڕۆح و لاشه‌ چی پێویسته‌ و چی پێویست نییه‌ و تا چه‌نێ بایه‌خ بدرێت به‌میان و تا چه‌نێ بایه‌خ بدرێ به‌ویان ؛ به‌ڵام مرۆکانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌کانی خواوه‌ندی گه‌وره‌وه‌ بایه‌خێکی بێ بنه‌وان به‌ لایه‌نی په‌روه‌رده‌ کردنی لاشه‌که‌یان ده‌ده‌ن و لایه‌نی ده‌روونییان وه‌بن گوێ خستوه ‌و هیچ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی به‌ که‌ڵکی ناده‌نه‌وه‌‌ سه‌ر ، جا ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌مه‌ی که‌ سه‌رپۆشێکی ڕه‌ش به‌ سه‌ر ڕوومه‌تی زۆرێک له‌ مرۆڤه‌کانه‌وه‌ ببینرێت و ژینێکی ئاخێنراو به‌ دڵه‌ته‌په‌ و دڵه‌ڕاوکێ خاپووریان بکا.

2- زۆری خواسته‌ :

واته‌ مرۆکان هه‌ر ده‌م هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی ئابووری خۆیان په‌ره‌ پێ بده‌ن و ئاستی داهاته‌که‌یان زۆرتر و زۆرتر بکه‌ن ، جا ئه‌م شێوه‌ خواسته‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هیچ کات مرۆ پێی نه‌گه‌یشتووه‌ و ‌نه‌یتوانیوه‌ پڕ به‌ دڵ ده‌ستی بخاو و خۆی له‌به‌ر وه‌حه‌سێنێ ، چوون مرۆڤ وا خوڵقاوه‌ که‌ هه‌رده‌م ئاره‌زوی به‌ ده‌ست هێنانی شتانی زۆرتر و نوێتر ده‌کات .

ئه‌مه‌یش ئۆقره‌ی له‌ مرۆڤ گه‌لێکی زۆر بڕیوه ‌و ژینێکی پڕ له‌ خۆزگه‌ هه‌ڵخواستن و به‌ ئاواته‌وه‌ بوونی سامانداری و ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ دڵ و ده‌روونی زۆرێک له‌ مرۆڤه‌کاندا دروست کردووه‌ .

3- چاو لێک بڕین و لاسایی یه‌ک کردنه‌وه‌ :

به‌شێک له‌ مرۆکان وا خوڵقاون که‌ به‌ زه‌ین و زرینگترن له‌ به‌شێکی تر و ده‌توانن زووتر به‌ سه‌ر ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کانی دنیادا سه‌رکه‌وتوویی به‌ ده‌ست بێنن ، جا ئه‌مه‌ وای له‌ مرۆ لاوازه‌کان کردووه‌ که‌ هه‌موو کات بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی مرۆ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌وڵ بده‌ن ‌و له‌سه‌ر دواکه‌وتنیان که‌ساس و بێتاقه‌ت یان ته‌مبه‌ڵ و ته‌وه‌ززه‌ل بار بێن .

4- بێ سه‌لیقه‌یی و که‌م ئاوه‌زی کارگێڕه‌کان :

به‌ڕێوه‌ بردنی کاره‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی درووست و حیسابی و دوور له‌ هه‌ڵه‌ ئه‌و شاکاره‌ گرینگه‌یه‌ که‌ زۆرێک له‌ مرۆڤه‌کان لێی بێ به‌ش و هیچ پێ نه‌بڕاون .

به‌ڵێ هێنانه‌دی بار و دۆخێکی پڕ له‌ ئاسایشت و شادی و دوور له‌ ترس و خۆف بۆ نه‌وه‌کانی سه‌رده‌م گرینگه ‌و جێی پێ زانینه‌ ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ کارگێران و کاربه‌ده‌ستانی بدیهێنانی بارودۆخی ئارام و هێمن و دوور له‌ دڵه‌ڕاوکێ زۆرکات و سات کارانێکی نائاسایی وا ده‌که‌ن که‌ مرۆڤه‌کان ده‌خه‌نه‌ ناو دڵه‌ڕاوکێ و ترس و له‌رزه‌وه‌ ؛ بۆ وێنه‌ دایک و باب هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ که‌ تازه‌ مناڵه‌که‌یان خه‌ریکه‌ سه‌ر گڕوگاڵ ده‌که‌وێ ووشانێکی وه‌ک شه‌وله‌بان و پشیله‌که ‌و چه‌قۆکه ‌و چی و چی تر به‌ گوێچکه‌ی مناڵه‌که‌یانا ده‌پچێنن که‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌دی هاتنی دڵه‌ڕاوکێ و ترس و له‌رز و خۆف له‌ ناخ و ده‌رونی ئه‌و کۆرپه‌ تازه‌ پێهه‌ڵگرتووه‌دا  .‌ به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ دڵه‌ته‌په‌و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی زۆر بێ ئامان له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی زۆرێک له‌ گه‌وره‌ پیاوانیش به‌جێ دێڵێت بریتی یه‌ له‌ بینینی تابووت و ساردخانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر لاشه‌ی مردووێک له‌ سه‌ر تابووته‌که‌ یان له‌ نێو ساردخانه‌که‌دا بێت ژینێکی مه‌رگبار بۆ مرۆ دێنیته‌ ئاراوه‌ .

( لێره‌دا ده‌مهه‌وێ ئاماژه‌یه‌ک به‌ نه‌خۆشخانه‌که‌ی شاری بانه‌ بکه‌م که‌ شوێنه‌وارێکی به‌ئازاری له‌سه‌ر ده‌روونی زۆرێک له‌ مناڵه‌ خنجیلانه‌کانی ئه‌م شاره‌ داناوه‌ .

 له‌م ڕۆژانه‌دا بوو که‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی برایه‌کی خۆشه‌ویست ڕووم کرده‌ نه‌خۆشخانه‌ ، پاش ئه‌وه‌ی که‌ چووینه‌ به‌ر ده‌رکی نه‌خۆشخانه‌که‌ و خه‌ڵکانێکی زۆر به‌ کۆمه‌ڵ کۆبووینه‌وه‌ پێیان ووتین ئه‌گه‌ر ده‌تان هه‌وێ ته‌رمی مردووه‌که‌تان وه‌ربگرنه‌وه‌ ده‌بێ تا ئه‌و کاته‌ی کارووباری یاسایه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێ له‌‌به‌ر ده‌رکی سه‌ره‌وه‌ بمێننه‌وه‌ ، ئێمه‌یش به‌ کۆمه‌ڵ به‌ره‌و ده‌رکی سه‌ره‌وه‌ ڕێکه‌وتین ، کاتێک که‌ چووینه وێ‌ بینیم ساردخانه‌که‌ که‌وتۆ‌ته‌ نێوان لانه‌ی مناڵان و به‌شی نه‌خۆشخانه‌ی مناڵانه‌وه‌ ؛ ورده‌ ورده‌ باوکان و دایکانێکم ده‌بینی که‌ ده‌ستی مناڵه‌که‌یان گرتبوو ده‌یان هێنا بۆ لانه‌ی مناڵان ؛ ئه‌و شته‌ی که‌ سه‌رنجی منی زۆر بۆ لای خۆی ڕاکێشا ئه‌مه‌ بوو که‌ ده‌مبینی مناڵه‌ خنجیلانه‌کان به‌ ده‌ستی دایکیانه‌وه‌ ملیان ده‌گێڕاو بۆ ئێمه‌یان ده‌نواڕی و هه‌ر به‌گه‌یشتنه‌ ژووره‌وه‌یشی له‌ دلاقه‌که‌وه‌ سه‌ریان ده‌ردێراو به‌ چاوانێکی ئه‌بڵه‌ق و دوو ڕه‌نگه‌وه‌ سه‌یریان ده‌کردین ، وه‌ک ئه‌مه‌ی که‌ زانیبێتیان ته‌رمێک خراوه‌ته‌ ئه‌و  هۆده‌ی پال ده‌ستیانه‌وه ‌و ئه‌مشه‌و تا به‌یانی له‌وێ بووه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ک له‌ لایه‌کی تریش مناڵانێکی نه‌خۆشم ده‌بینی که‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌که‌یان له‌ ئامێزی گه‌رمی دایکیاندا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌که‌ ده‌هێنران ، به‌ڵام به‌ کوێدا ده‌بێ بۆ نه‌خۆشخانه‌که‌ تێپه‌ڕێ ؟ به‌ڵێ ده‌بێ به‌ نێو که‌سانێکدا هه‌نگاو هه‌ڵبنێنه‌وه‌ که‌ شین و گریانیانه ‌و بۆ باوک و برای له‌ ده‌ست چوویان ده‌گرین و به‌ خۆ دا ده‌کێشن .

 کاتێک که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌م بینی ووتم تۆ بڵێی تاوانی ئێمه‌ له‌ وه‌رانوه‌ر خواوه‌ندی مه‌زن چه‌نه‌ گه‌وره‌ بێت که‌ به‌ جێگه‌ی شین کردنی هزری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ووڵات تۆمی ترس و له‌رز له‌ مردن و ته‌رمی مردوو گریان و شین و واوه‌یلا له‌ ناخ و ده‌روونی ئه‌و مناڵه‌ دڵ پاکانه‌‌دا ده‌نێژین و ژینێکی گه‌مارۆدراو به‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێیان بۆ دێنینه‌ ئاراوه‌ ؟ .)

5- نه‌بوونی باوه‌ڕ و متمانه‌ به‌ خۆ :

هه‌موو مرۆڤێک بڕشت و لێهاتوویه‌کی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و ده‌توانرێت بۆ دامرکاندنی زۆرێک له‌ گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگا که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێت و که‌م و کووڕیه‌کی زۆری پێ چاره‌سه‌ر بکرێت ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه له‌ به‌ر ئه‌مه‌ی که‌‌ زۆرینه‌ی مرۆڤه‌کان باوه‌ڕیان به‌خۆیان نیه‌ و له‌ ئاست که‌سانێکی تردا خۆیان به‌ بچووک و که‌م و نووقسان ده‌زانن هه‌موو کات به‌ په‌شۆکاوی له‌ پشته‌وه‌ی په‌رده‌ی بێ باوه‌ڕی به‌ خۆ ماونه‌ته‌وه ‌و ئه‌و بڕشته‌ی خۆیان وورده‌ وورده‌ فه‌وتاندووه‌ .

7- لێک حاڵی نه‌بوون و ناته‌بایی نێوان مرۆڤه‌کان :

ژیان به‌ زۆر شت ئاڵۆز ده‌بێ و ده‌په‌شۆکێت و له‌ته‌راز ده‌رده‌چێت ، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ کاریگه‌ریه‌کی باش له‌ سه‌ر ده‌روون داده‌نێت و ژینێکی تاڵ بۆ مرۆڤ دێنێته‌ ئا‌را‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ناته‌بایی بکه‌وێته‌ نێوان مرۆڤه‌وه‌ و نه‌توانن به‌ جوانی له‌ یه‌ک حاڵی بن و ده‌ردی یه‌کتر بناسن و له‌ کۆتاییدا گێچه‌ڵ و گرفت و بیانو به‌ یه‌ک گرتن له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵبگیرسێت .                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                       

8- فیز و خۆ نواندنی به‌شێک له‌ مرۆڤه‌کان به‌سه‌ر به‌شێکی تردا :

ڕه‌گی لووت به‌رزی و فیز کردن له‌ به‌شێک له‌ مرۆڤه‌کاندا به‌ ئاستێک گه‌یشتووه‌ که‌ که‌س به‌ پیاو نازانن و هیچ که‌س له‌ جێی خۆیدا نابینن ، به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ چاوێکی هێنده‌ سووکه‌وه‌ سه‌یری که‌سایه‌تیه‌کانی تر ده‌که‌ن که‌ تۆمی زۆرێک له‌ نه‌خۆشیه‌کانی وه‌کوو بۆ یه‌ک نه‌بوون و یه‌ک نه‌ویستی و رق و قین و دووژمنایه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌ڵده‌گیرسێنن و له‌ کۆتاییشدا ژیانێکی پڕ له‌ ده‌رد و مه‌ینه‌ت دێننه‌‌ ئاراوه‌ ، چوونکه‌ وه‌ک پێشینیان ووتوویانه‌ " هه‌ر که‌س له‌ ئاست خۆی که‌سێکه ‌و خۆی به‌ که‌س ناگۆڕێته‌وه‌ " جا ئه‌گه‌ر کاسانێک به‌ لووت به‌رزی و به‌ ده‌ماره‌وه‌ له‌ گه‌ڵ که‌سانێکی تردا هه‌ڵسوو که‌وتیان کرد و به‌ چاوی سووکه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکیان ‌ڕوانی ، به‌ سووک گیراوه‌کان تاقه‌ت و توانای قه‌بووڵ کردنی ده‌مار و فیزی ئه‌وانی تریان نابێت و له‌ ئاکامدا ئه‌مانیش ده‌یان هه‌وێ وه‌ک ئه‌وان فیز لێبده‌ن و بار و دۆخێکی یه‌ک نه‌ویستی بێننه‌ ئاراوه‌ .

براکانم ئه‌مه‌ به‌شێک له‌و شتانه‌ بوون که‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌مه‌ی‌ پۆشاکێکی ڕه‌ش به‌سه‌ر ڕووموتی ئێمه‌دا بکێشن و بار و دۆخێکی پڕ له‌ مه‌ینه‌ت بۆ ئێمه‌ بێننه‌ ئاراوه‌ ، پێویسته‌ بزانین که‌ ژیار و شاره‌ستانیه‌تی ئێمه‌ به‌ زۆر شتی ناله‌بار گه‌مارۆ دراوه‌ و شتانێکی زۆر له‌ تاڵ کردنی ژیانماندا ده‌خیلن ، که‌ لام وایه‌ ته‌نیا ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ دڵ و گیان بۆ باوه‌شی به‌ سۆزی ئایینی ئیسلام بگه‌ڕێینه‌وه ‌و هه‌وڵ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که‌ یاسا جوانه‌کانی ئه‌و ئایینه‌ پیرۆزه‌ له‌ وڵاته‌که‌ماندا جێگیر بکه‌ین ، چوون به‌ ڕاستی ده‌رمانی هه‌موو ئه‌م ده‌ردانه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ئیسلامدا وه‌گیر ده‌که‌ون و چاره‌سه‌ر ده‌کرێن .

 

به‌ هێوای ژینێکی پڕ له‌ هێسایی و ئاسووده‌یی

 

+ نوسراوه ته وه له شنبه یکم دی 1386كات ژمير 7:11له لايه‌ن arbaba |