تبليغاتX

"سلاو * به‌خێر بێن بۆ ماڵپه‌ڕی ژینگه *** ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ جیا بیرانت له‌ سێداره‌ ده‌ده‌ی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی گوریسه‌. وه ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ جیابیرانت ڕاپێچی به‌ندیخانه‌ ده‌که‌ی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی دیواره‌. وه ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ جیابیرانت دا به‌ شه‌ڕ دێی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی چه‌قۆیه‌. وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌رکوو ئه‌و مرۆیه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ جیا بیرانت دا دێیته‌ وتو وێژ و شتانێک ده‌سه‌لمێنی و به‌ شتانێکیش ڕه‌زامه‌ندی ده‌رده‌بڕی! بزانه‌ هه‌ڵگری ئاوه‌زێکیت که‌ ناوی عه‌قڵ و ژیری یه‌. مسته‌فا سادق رافعی ‌
ژینگه - مامه‌ سۆفی چۆن وا ده‌بێ ؟

نوسه‌ر : شه‌مامه‌ / بانه‌

دنیا ڕۆژ له‌ دوا ڕۆژ به‌ره‌و پێش ده‌چێت و هه‌موو ڕۆژێک شێوازێکی نوێ دێته‌ به‌ره‌وه‌ ؛ دنیا وای لێ هاتووه‌ که‌ زۆرێک له‌ مرۆکانیش به‌ شێوه‌یێکی نوێ بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و ڕۆشنبیرانه‌تر بۆ شته‌کان ده‌ڕوانن . ئه‌مه‌ جێی دڵ خۆشیه‌و ده‌بێ له‌ ئاست ئه‌م شێوه‌ بیرمه‌ندانه‌ ڕێز و پێزانین نیشان بدرێت و هان بدرێن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ زیاتر خۆ له‌م بوواره‌ بده‌ن و بۆ ده‌ربڕینی فه‌توا کات و شوێن له‌به‌ر چاو بگرن و به‌ پێی هه‌ل و مه‌رج فه‌توا بگۆڕن .

به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ به‌ناو ڕۆشنبیره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ هه‌نگاوێک زیاتر هه‌ڵده‌نێنه‌وه‌و ده‌یان هه‌وێ له‌ ئاست ده‌قه‌‌ بنه‌ره‌تیه‌کانیش ڕانه‌مێنن و ڕاشکاوانه‌ ئه‌ویش به‌ره‌و ئاڵوو گۆڕ بکێشن ، ته‌نیا شتێک که‌ بۆ ئه‌م به‌ناو ڕۆشنبیرانه‌ گرینگه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ده‌یان هه‌وێ خۆ بنوێنن و که‌سانێکی تر بنه‌وێنن ؛ ئه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆشنبیرایه‌تی خۆیان بناسێنن بۆ هه‌موو سوکایه‌تی پێ کردنێک و ده‌رچوون له‌ ئاست ده‌قه‌‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ئایینه‌که‌یان ده‌سته‌مۆن و خۆ ده‌هاوێژن .

بۆ ناسینی ئه‌م به‌ناو ڕۆشنبیرانه‌ شاڕێگه‌ زۆرن و زۆر زوو دێنه‌ به‌رچاو و پێویست به‌ هیچ خۆ ‌زه‌حمه‌تدانێک نییه‌ ؛ ئه‌وان عاده‌تیان وایه‌ که‌ هه‌رچه‌ن به‌سه‌ر نوسراوه‌ی خۆیان دا سه‌ر ڕاوه‌شێنن ناتوانن گاسنی تێدا وه‌بینن به‌ڵام له‌ نوسراوه‌ی برامبه‌ره‌که‌یاندا نووکی ده‌رزیش ( دالی حه‌دداد ) وه‌کوو گاسن دێننه‌ ئاراوه‌ ، هه‌روه‌ها عاده‌تیان وایه‌ که زۆر ساکارانه‌‌ کاری به‌رامبه‌ره‌که‌یان به‌ بوختان پێناس ده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆخۆشیان هه‌ر ئه‌و کاره‌یان کردبێت به‌ ڕۆشنبیری له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ([1]) هه‌روه‌ها عاده‌تیان وایه‌ که‌ بۆ سه‌پاندنی بیرۆکه‌ی خۆیان ده‌سته‌مۆی هه‌موو چه‌شنه‌ سووکایه‌تیێکن به‌ به‌رامبه‌ره‌که‌یان .

سیروانی حه‌دداد ناوی ئه‌و سۆفیه‌ ته‌زبێ به‌ ده‌سته‌یه‌ که‌ ڕۆشنبیرانه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌و نایهه‌وێ شوێن که‌وته‌ی به‌ ته‌واو مانای مه‌ولای سۆفیه‌کان ( به‌ واتای خۆیان ) حه‌زره‌تی عه‌لی کوڕی ئه‌بووتالیب بێت و وه‌کو ئه‌و بیر بکاته‌وه‌ .

ڕیوایه‌تێک که‌ له‌ سه‌ر زاری زۆرێک له‌ سۆفیه‌کان مه‌شهووره‌و زار به‌زار بۆ یه‌کتری ده‌گیڕنه‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێن : ڕۆژێک عه‌لی کوڕی ئه‌بووتالیب له‌گه‌ڵ جوله‌که‌یێک دا به‌ شه‌ڕ دێت و ده‌یهه‌وێ تێی گه‌یێنێ که‌ نابێت له‌ ئاستی خوا بێ حوڕمه‌تی بکات ! به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌ جووه‌که‌ به‌ ئه‌رزا ئه‌کێشێ و جووه‌که‌ تفی تێ ده‌کا حه‌زره‌تی عه‌لی به‌رز ده‌بێته‌وه‌و ده‌ستی لێ به‌رده‌دا ! له‌ دواییدا که‌ لێی ده‌پرسن بۆچی ده‌ستت لێ هه‌ڵگرت و به‌ ته‌واوه‌تی ته‌مبێت نه‌کرد ؟ وتی : له‌ پێشدا که‌ لێم دا ویستم له‌ به‌ر خاتری خوا ته‌مبێی بکه‌م ، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌ تفی تێ کردم ئه‌گه‌ری ئه‌مه‌ هه‌بوو که‌ له‌به‌ر خۆم قه‌ڵس بم و بمهه‌وێ لێی بده‌م .

به‌ڵێ ئه‌مه‌ ئه‌و ڕیوایه‌ته‌یه‌ یان باشتر بڵێم ئه‌مه‌ ئه‌و خوو و ڕه‌وشته‌ پاکه‌یه‌ که‌ دیهه‌وێ بڵێت خۆشه‌ویستی و قه‌ڵسیه‌کانمان به‌ خواوه‌ پێوه‌ند بده‌ین و به‌س .

سۆفی سیروان له‌ ئاست ئه‌م ده‌قه‌دا نامێنیته‌وه‌و بۆ خۆ نواندنیش بێت ده‌یهه‌وێ بڵێت ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵه‌یش بێت به‌ قرتانی دالی ( حه‌ددادی باپیرم ) قه‌ڵسم و ده‌مهه‌وێت له‌ به‌رامبه‌ر ناوی خواوه‌ یان له‌ پێش ناوی خواوه‌ دایبنێم و به‌رامبه‌ره‌که‌می پی بته‌زێنم . ([2])

جا نازانم له‌ ئاست که‌سانێکی وه‌ک ئه‌م به‌ناو ڕۆشنبیرانه‌ چۆن بدوێم که‌ نه‌بێته‌ هۆی ئه‌مه‌ی وای لێ ‌بێت ناوی خۆی بخاته‌ پێش ناوی خواوه‌ و وه‌کوو ئامرازێک که‌ڵک له‌ ناوه‌که‌ی خوا وه‌رنه‌گرێت .

له‌ قه‌دیمه‌وه‌ وتوویانه‌ ده‌روێش و سۆفی ناوی شێخه‌که‌یان له‌ به‌رامبه‌ر ناوی خواوه‌ داده‌نێن و چۆن هاوار له‌ خوا ده‌که‌ن هه‌ر به‌و شێوه‌ش بگره‌ زیاتر هاوار له‌ شێخه‌که‌شیان ده‌که‌ن و چه‌نه‌ له‌ به‌ر خاتری خوا قه‌ڵس ده‌بن سه‌د ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر ناوی شیخه‌که‌یان قه‌ڵس ده‌بن .

جا باش وایه‌ هه‌ر لێی نه‌ڵێم و به‌ خوای میری مه‌زنی بسپێرم

 



[1] حه‌دداد نوسراوه‌که‌ی بارام به‌ هه‌ڕه‌شه‌و گوره‌شه‌ ناو ده‌بات که‌ هه‌ڵگری هیچ هه‌ڕه‌شه‌یێک نییه‌ ، به‌ ڵام نوسراوه‌که‌ی خۆی به‌ هه‌ڕشه‌ دانانێت که‌ جه‌ماوه‌ری کورد بۆ سرینه‌وه‌یان هان ده‌دات و به‌ ڕێکخراوه‌یێکی نه‌خوازراویان ناوده‌بات .

سۆفی سیرون له‌ ده‌ست پێکی نوسراوه‌که‌یدا ئاماژه‌ به‌ جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسڵاح ده‌کات و وه‌ک باوه‌ڕێکی دوگم و به‌ستراویان ناوده‌بات ، له‌ کۆتایی نوسراوه‌که‌یشیدا هانا بۆ قه‌له‌م به‌ ده‌ستانی کۆمه‌ڵگای کوردستان ده‌بات که‌ بۆ تێگه‌یاندنی موسڵمانان له‌ ئاست ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ قه‌ڵه‌م هه‌ڵگرن و وه‌ک ئیدئۆلۆژی یێکی نه‌خوازراوی هاورده‌ ناوی ببه‌نوو له‌ ووڵات دا ڕاوی بنێن .

[2]  جه‌نابی سۆفی له‌ سه‌ر تیتری نوسراوه‌که‌یدا ده‌ڵێت : " مامۆستا ناوی من ده‌گۆڕێ و ناوی خواش له‌ بیر ده‌کا  "  که‌ دیاره‌ له‌ پێش دا ئاماژه‌ به‌ ناوه‌که‌ی خۆی ده‌کات پاشان ده‌چێته‌ سه‌ر ناوه‌که‌ی خوا ، له‌ نوسراوه‌که‌یشدا ته‌نیا بۆ قرتانی دالێک له‌ ناوبانگه‌که‌ی قه‌ڵسی ده‌رده‌برێت و رون کردنه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ده‌نوسێت .

+ نوسراوه ته وه له دوشنبه نوزدهم آذر 1386كات ژمير 7:42له لايه‌ن arbaba |