هه‌ڵویسته‌یه‌ک له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی چه‌واشه‌کارانه‌ی عرفان عثمان بۆ که‌سێتی پایه‌به‌رزی موحه‌ممه‌د(د.خ)
ئه‌مرۆ بۆ تاو‌و توێ کردنی دیارده‌کان‌و له‌وانه‌ش مێژووی ئیسلامی دوو شێوه‌و ستایل له‌لایه‌ن زانایانه‌وه ده‌کار دێن؛ یه‌که‌میان شێوه‌ی سووننه‌تی‌و کۆنه‌و زیاتر بۆ به‌رگری‌و دیفاع له گوزاره ئایینیه‌کان‌و ده‌قه سه‌ره‌کیه‌کانی ئایین پراکتیزه ده‌کرێ‌و به سه‌نته‌ری خوا، مه‌زه‌نده‌ی دیارده‌کان ده‌کا.
شێوازی دووهه‌م دیدێکی نوێ‌و سه‌رده‌میانه‌یه که سه‌نته‌ر بۆ ئه‌و خوا نییه؛ به‌ڵکو خوودی مرۆڤ‌و توواناو لێهاتوویه‌کانین. له‌و ستایله له شیکردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کان‌و دیارده‌کاندا، په‌یامی قورئان، به بۆچوونێکی مۆدێڕن‌و سه‌رده‌میانه‌ی هێۆمانیستی‌یه‌وه سه‌یری ده‌کرێ‌و مودێڕنیسته موسوڵمانه‌کان پێیان وایه که ئیسلام بۆ دارشتنی خۆی وه‌کوو ئایینێکی سێ تۆیی؛ جیهان‌بینیه‌کی تایبه‌ت، به مه‌رکه‌زیه‌تی خوا(یه‌کتاپه‌ره‌ستن)و کۆمه‌ڵێک چه‌مکی ئه‌خلاقی‌و ره‌وشتی‌و دواین به‌ش‌و ده‌ره‌کی‌ترین به‌شی ئه‌م ئایینه، واته مافه‌کان‌و ئه‌رکه‌کانی مرۆڤی[1]
دیاری کردوه که له هه‌ر سێک به‌ش دا، شوێنی له فه‌رهه‌نگی ئه‌و کاتی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی وه‌رگرتوه‌و پاشان، قورئان خۆی فۆڕمێکی تایبه‌تی داوه به فه‌رهه‌نگ‌و کولتوری ئه‌م شوێنه که تێیدا ئه‌و ئه‌زموونه نه‌به‌وه‌یه هاتۆته دی. به واتایاکی تر په‌یوه‌ندێکی دیالێکتیکی له نێوان ئیسلام‌و کو‌لتووری ئه‌و سه‌رده‌می دوورگه‌ی عه‌ره‌بی دا هه‌یه[2].
نووسێنه‌که‌ی عیرفان عوسمان له هیچ کام له دوو شیوازه‌ی سه‌ره‌وه په‌یره‌وی ناکا‌و به‌ڕێزیان به ڕبه‌ی خۆی شته‌کانی پێوانه کردوه. ئه‌وه که موحه‌ممه‌د ئه‌و که‌سایه‌تیه مێژوویه که به دیدێکی مێژوویی‌یه‌وه ئه‌و پیرۆزیه نییه که کاک عیرفان باسیی لێکردوه؛ له‌و بۆچوونه مارکسیستیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که قه‌داسه‌ت‌و پیرۆزیی بۆ هیچ که‌س به ره‌وا نابینێ، به‌ڵام ئیمانی دینی وا له مرۆڤی موسوڵمانی باوه‌ڕدار ده‌کا که به چاوی ڕێز‌و پیرۆزیه‌وه سه‌یری پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی بکاو به دۆکۆمێنتی مێژوویی که‌سایه‌تێکی ده‌گمه‌ن به ناوی موحه‌ممه‌د هه‌بووه‌و خاوه‌نی ئه‌و لێهاتوویه ئه‌خلاقی‌و مه‌عریفیی‌یه بووه که تووانیوێتی سه‌تان‌و هه‌زاران مرۆڤ له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه‌و بناغه‌ی ژیارێکی ئینسانی به ده‌وریی ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌و دا دابڕێژرێ که ماوه‌ی نیزیک به هه‌زار ساڵ سه‌ره‌وه‌ری هه‌موو جیهان بێ‌و پێشه‌وایی بۆ کۆی مرۆڤایه‌تی بکاو به ئێستاشه‌وه دوای چوارده سه‌ده به میلیۆنان ئینسان ئاماده‌ن خۆی بۆ فیدا بکه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ موسوڵمانێک پێیوا نییه موحه‌ممه‌د فریشته‌یه‌که که له ئاسمان هاتبێته خواره‌وه‌و به‌ڵکوو خوودی ده‌قی وه‌حیانی قورئان باس له‌وه ده‌کا که موحه‌ممه‌د مرۆڤێکه وه‌کوو باقی مرۆڤه‌کان، خوارده‌مه‌نی ده‌خوا، به بازار دا ده‌رواو زه‌ماوه‌ندیش ده‌کا. له باسیی ژن و زینده به چاڵ کردنی ژنان دا پێویسته بڵێم، له سه‌رده‌می نه‌فامیی دا، هێنده‌ک هۆزی عه‌ره‌بی ئه‌و سه‌رده‌م ئه‌م کاره دزێوه‌یان کردوه‌و مێژووش شاهیدی ئه‌و راستیه؛ به‌ڵام هێچ کام له مێژوونووسانی موسوڵمان نه‌یانگوتوه که هه‌موو هۆزو عاشیره‌ته‌کان کچیان زینده به چاڵ کردوه.
ئه‌وه که پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ژنی له کۆیله‌یه‌تی رزگار کردوه شکیی تێدا نیه؛ به‌ڵام باشتر ئه‌وه‌یه ئاوه‌ها تاو‌و توێی شته‌که بکه‌ین که موحه‌ممه‌د له دارشتنی ئه‌حکام و بڕیار دا "دادپه‌روه‌ری زه‌مانه" واته "عدل زمانه[3]"ی ره‌چاو ده‌کرد و له "سته‌می زه‌مانه"ی به‌ره‌و " عه‌داله‌تی کاتی- زه‌منی" ده‌گواسته‌وه‌و نه‌ک ئه‌و عه‌داڵه‌ته‌ی ئه‌و سه‌رده‌م عه‌داڵه‌تێکی له‌سه‌روی مێژوو‌و (فرا تاریخی) بێ، چوونکه عه‌داڵه‌ت شتێکی نادینیه‌و موسوڵمان بۆیه ئیسلام وه‌کوو ئایین، هه‌لده‌بژێرێ؛ چوونکه پێیوایه، ئیسلام دینێکی عادیلانه‌یه نه‌ک ئه‌وه که هه‌ر عه‌دڵ‌و دادێک دینی بێ‌و له ئایینه‌وه هاتبێ. بۆ وێنه له سه‌رده‌می پێش هاتنی موحه‌ممه‌د ژن میراتی نه‌بووو خۆشی وه‌کوو میرات له دوای شووه‌که‌ی بۆ قه‌وم‌و خوێشی مێرده‌که‌ی به میرات ده‌ماوه؛ به‌ڵام موحه‌ممه‌دو ئایینه‌که‌ی جێگه‌یه‌کی تایبه‌تیان دا به ژن‌و نێوه‌ی میراتی پیاویان پێدا - هه‌ڵبه‌ت له زۆر شوێن دا وه‌کوو پیاو به یه‌کسان میرات دراوه به ژن.- له بواری رێز‌و ئیحتڕامیشه‌وه له‌سه‌رده‌مێکی ئاوا دا، پێغه‌مبه‌ر ده‌ستی کچه‌که‌ی خۆی –فاتیمه- ماچ ده‌کردو ده‌یفه‌رموو ئه‌وه دایکی باوکێتی‌و نازناوی "ام ابیها"ی پێدا بوو.
له ئیسلام دا له تایبه‌تمه‌ندیه سه‌ره‌کیه مرۆڤایه‌تیه‌کاندا وه‌کوو: ئیمان، ئیسلام، سه‌داقه‌ت، به‌قسه‌کردنی به‌رده‌وامی خوا، به‌شینه‌وه‌ی ماڵ، رۆژوو گرتن، سه‌بر گرتن، یادی خوا کردن، پارێزگاری له داوینپاکی‌و ... [4]
ژن‌و پیاو وه‌کوو سه‌یریان کراوه و پاداشتی چاکی هێچیان نافه‌وتێ.(إنا لانضیع عمل عامل منکم من ذکر أو أنثی)
سه‌باره‌ت به فره‌ژنیش هه‌ر ئه‌و رێسایه‌ی سه‌ره‌وه قابیلی دابه‌زینه، یانی عه‌ره‌بێکی که زیاتر له ده ژنی هه‌بووه، ئیسلام هات مه‌حدوودی کرده‌وه‌و کردیه چوار‌و ره‌چاوکردنی عه‌داڵه‌تیشی کرده، شه‌رتی بنه‌ره‌تی‌و جه‌ختی کرد که ئێوه هه‌رگیز ناتوانن عه‌داڵه‌ت ره‌چاو که‌ن په‌س به یه‌ک دانه ژن ئیکتیفا بکه‌ن، مه‌گه‌ر له دۆخێکی ناچاری وه‌کوو نه‌خۆشی ژنی یه‌که‌م یان نه‌زۆکیی، یان به هۆی شه‌ڕ که به زۆری له شه‌ره‌کان دا پیاو کوژراون‌و ژنان سه‌غیربارو بێ‌سه‌رپه‌رشت ماونه‌وه، پیاو بۆی هه‌یه به ناچاری ژنیی دوهه‌م یان سێهه‌م یان چواره‌م بێنێ.
له ووتاره‌که‌ی کاک عیرفان دا تۆمه‌تی چلێسی جنسی دراوه‌ته پاڵ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به‌ڵام دیاره‌و حاشا هه‌ڵنه‌گره که موحه‌ممه‌د له کاتی لاوی‌و له ته‌مه‌نی چل ساڵیدا عه‌ره‌ب پێشنیاری جووانترین ژن‌و سه‌روه‌ت‌و سامان‌و پله‌و پایه‌یان پێ‌کرد به‌و مه‌رجه‌ی ده‌ست له بانگه‌شه‌که‌ی بۆ ئیسلام هه‌ڵبگرێ، به‌ڵام ئه‌و قه‌بووڵی نه‌کرد‌و ته‌نانه‌ت له تافی لاویتیشدا له‌گه‌ڵ پیره‌ژنێکی که به 15-20 ساڵ له خۆی به‌ته‌مه‌نتر بوو زه‌ماوه‌ندی کرد‌و تا ئه‌و له ژیاندا بوو له‌گه‌ڵ هیچ که‌سی دیکه زه‌ماوه‌ندی نه‌کرد. ئه‌گه‌ر ئه‌م زاته مرۆڤێکی هه‌وه‌سباز بوایه له کاتی لاویی دا وه‌شوێن ئه‌و کاره ده‌که‌وت‌و له کاتێک که ژنه‌کانی داوای بژیوی زیاتریان کرد، به پێی فه‌رمووده‌ی خوا پێ ووتن که ئه‌رکی من زۆر له‌وه گرنگتره که به ته‌نیا له خزمه‌ت دابین کردنی ژیانی دونیایی چه‌ن ژن دابم‌و نیگای بۆ هات که بڕۆ به هه‌ر هه‌موویان پرس بکه‌و سه‌رپشکیان که له مانه‌وه له گه‌ڵ خوا‌و پێغه‌مبه‌رو ئاخیره‌ت به هه‌ژاری یان هه‌ڵبژاردنی دونیا‌و جیابوونه‌وه له پێغه‌مبه‌ر؛ له ئاکامدا جگه له دانه‌یه‌کیان هه‌ر هه‌موویان خوا‌و نیرراوی خوایان هه‌ڵبژاردو ڕووسووری دونیا‌و ئاخیره‌ت بوون.
به شاهیدی مێژوو، ژنه‌کانی پێغه‌مبه‌ر جگه له عایشه خاتوون که له کاتی زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر، زیاتر له شه‌ش ساڵی بووه‌و به ویست‌و ئاره‌زووی خۆی زه‌ماوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر کردوه‌و به شانازیشی زانیوه خێزانی که‌سایه‌تێکی وه‌کوو ئه‌و بێ‌و ئێمه‌ش وه‌کیلی ئه‌و نین‌و ناتوانین له‌م باره‌وه مێژوو موحاکه‌مه بکه‌ین؛ زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ژنانی پێغه‌مبه‌ر ناحه‌زو پیرو به‌ساڵداچوو بوون‌و هه‌ر یه‌که‌ی بۆ وه‌دیهاتنی به‌رژه‌وه‌ندێکی ئیسلام‌و موسوڵمانان، له‌لایه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌وه، زه‌ماوه‌ندیان له‌گه‌ڵ کراوه نه‌ک له‌به‌ر حه‌زو ئاره‌زوو.
مه‌سه‌له‌ی که‌نیزو نۆکه‌رییش، دیاره هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌و شتێک نه‌بووه که ئیسلام دایهێنابێ به‌ڵکوو ئه‌ویش به سه‌ر ئیسلام دا، داسه‌پاوه، به‌ڵام ئیسلام به دانانی ئه‌رکگه‌لێکی قورس له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که که‌نیز یان کۆیله‌ی پیاویان هه‌بووه؛ هۆکاری ئازادی ئه‌وانی به‌دی هێناو له زۆربه‌ی کات دا بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌و که‌فاره‌تی تاوانه‌کان، ئازاد کردنی ئه‌و که‌نیز و کۆێلانه‌ی به مه‌رج داناوه‌و له ئاکام دا که‌نیزو کۆیله نه‌ماوه‌ته‌وه‌و بووه به دیارده‌یه‌کی کاتی‌و مێژوویی. ئیسلام به شێوه‌ی پراتیکی و به شیوه‌یه‌کی ئیسلاحی له‌سه‌ر خۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی کردوه نه‌ک وه‌کوو زۆر که‌س ته‌نیا به دانی دروشم به‌سه‌نده بکاو له کرده‌وه‌ش دا چی له‌باران دا نه‌بێ.
له باسی پاشایه‌تی موحه‌ممه‌د دا نووسه‌ر یان شێخه‌که‌ی(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی) لاساییه‌کی ناشاره‌زایانه‌ی عه‌لی عه‌بدولرازقی میسریان کردۆته‌وه که کاتی خۆی کتێبی "الاسلام و أصول الحکم"ی نووسی، ناوبراو باس له‌وه ده‌کا که سیسته‌می خیلافه‌ت شتێکی عورفیه‌و هیچ شوێنه‌وارێکی له قورئان‌و فه‌رمووده دا نییه‌و باسیی ئه‌وه ده‌کا که پێغه‌مبه‌ر نه شا بوو و نه حاکم؛ به‌ڵکوو پێغه‌مبه‌ر بوو‌و ئه‌گه‌ر حاکمیش بووبێ ئه‌وه به تۆبزیی به‌سه‌ری دا سه‌پاوه‌و ئه‌رکیی سه‌ره‌کیی ئه‌و نه‌بووه، نموونه‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌و، که‌س له دوای خۆی وه‌کوو جێگر دیاری ناکا‌و به شاهیدی مێژوو موحه‌ممه‌د چ له مه‌ککه‌و چه له مه‌دینه، له ناله‌بارترین دۆخی ژیان دا بووه‌و له‌دوای کۆچی دواییشی له سه‌روه‌ت‌و سامان هیچی، له پاش به‌جێ نه‌ماوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت خۆی هه‌ر وه‌ک له فه‌رمووده دا ئاماژه‌ی پێکراوه ده‌ڵێ:" ئێمه‌ی گرۆی پێغه‌مبه‌ران هیچمان لێ به میرات وه‌رناگیرێ." ئاشکرایه ئه‌و تۆمه‌ته‌ش له جێگه‌ی خۆی دا نییه.
سه‌باره‌ت به سه‌نگسار کردنی ژن‌و پیاو دا ده‌بێ بڵیم که له قورئان دا وه‌کوو سه‌ره‌کی‌ترین ده‌قی ئایینی ئیسلام، شتی وامان نییه‌و دوور نییه ئه‌گه‌ر له فه‌رمووده‌ش دا شتیی وا هاتبێ به ده‌ستی ناپاکی جووله‌که‌کانه‌وه هاتبێته ناو ده‌قه پله دووکانی ئیسلامیه‌وه‌و سووتاندنیش، بوختانێکی دیکه‌یه که شتیی وا نه‌بووه. له ئیسلام دا زیندانی کردنی پشیله‌یه‌ک ده‌بێته هۆی چوونی مرۆڤ بۆ جه‌هه‌ننه‌م؛ جا چۆن ئیزنی ئه‌وه ده‌درێ که ئینسان به شێوه‌ی سووتاندن ئازاری جه‌سته‌یی بدرێ؟!!
ره‌نگه کاک عرفان ئاگای له‌م هه‌قیقه‌ته‌ش نه‌بێ که ته‌نانه‌ت له ئیسلام دا هیچ که‌س نابێ له‌سه‌ر زیناح‌و تاوانی کاری سێکسی بکوژرێ! له قورئان دا ته‌نیا حه‌ددی لێدانی سه‌ت قامچی بۆ ژن و پیاوی زیناکار دیاری کراوه. ئه‌گه‌ر ژنان‌و پیاوانێکی گه‌نده‌ڵی نه‌یار، له‌حاڵه‌تێکی نائاسایی‌و به شێوه‌یه‌کی شه‌به‌که‌یی‌و کۆیی‌و به‌رنامه بۆ دارێژراو، بۆ په‌ره‌پێدانی گه‌نده‌ڵیی جینسی و سیکسی، ویستبیان خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگه به‌روه فه‌ساد به‌رن؛ بۆ به‌رگری له سه‌لامه‌تی کۆمه‌ڵگه هه‌ر هه‌موویان، له قورئاندا، سزای کووشتن نه‌ک سه‌نگسار کردنیان بۆ دیاری کراوه که دیاره ئه‌وه‌ش له سه‌رده‌می خۆی دا کاریگه‌رێکی زۆری هه‌بووه.
دیاره ئه‌و بابه‌ته قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێ‌و من ته‌نیا ئاماژه‌یه‌کی کورتم به هینده‌ک بابه‌ت دا، له کۆتایی‌دا، هیوادارم کاک عیرفانه‌کان به چاوێکی گه‌شبینانه مێژوو‌و راستیه‌کان ببینن‌و وه‌کوو کاک مه‌ریوان بۆ ئه‌وه‌ی به مرادی دڵی خۆیان- که چوون بۆ خاریج بوو- بگه‌ن، چه‌واشه‌کاری نه‌که‌ن‌و به زمانی تاریخه‌وه بوختان بۆ ئه‌م مرۆڤه بێوێنه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵنه‌بستن. هیچ نه‌بێ ئه‌گه‌ر له رووی پراگماتیکی‌و به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ش حیسێبی بۆ بکه‌ین؛ به میلیارد مرۆڤ له سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه به به‌رنامه‌و ئایینێک که ئه‌و پیاوه هێناوێتی مورتاح‌و دلخۆشن‌و شادی، هێمنی‌و ئومێدیش سێ شتی زۆر گرنگن بۆ به‌خته‌وه‌ری‌و به ئاسووده‌یی ژیان به‌سه‌ر بردن له‌م جیهانه پڕ ئێش‌و ئازاره، که به‌رهه‌می ئه‌و باوه‌ڕ‌و ئایینه‌ن؛ به قه‌ولی فارسان ده‌ڵێن:" سلسله‌ی موی دوست حلقه‌ی دام بلاست/ هرکه در این حلقه نیست فارغ از این ماجراست"
په‌ڕاوێزه‌کان
--------------------------------------------------------------------------------
[1] - فێقهـ (فقه): دوو به‌شیی سه‌ره‌کی هه‌یه؛ یه‌که‌م عیبادات‌و په‌ره‌ستشه‌کان و دووهه‌م: بڕیارگه‌ل و ئه‌حکامی ئابووری، کۆمه‌لایه‌تی، سیاسی‌و...(معاملات). به‌شیی یه‌که‌م بارێکی سه‌مبولیک‌و نه‌گۆڕیان هه‌یه‌و بۆ وه‌دیهاتنی ده‌ره‌نجامی ئه‌خلاقی دانراون‌و زۆر مه‌سله‌حه‌تی شاراوه‌یان تێدایه‌و نابێ ده‌سکاری بکرێن؛ به‌ڵام به‌شی دووهه‌م په‌یوه‌ندیان به نه‌ریت‌و عورفی کۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه‌و ده‌کرێ به ئیجتیهاد بگۆڕدرێن.
[2] - ده‌توانن سه‌یری کتێبه‌کانی نه‌سر حامید ئه‌بوزه‌یدی میسری، له‌وانه کتێبی" مفهوم النص " واته " مانای ده‌ق " بکه‌ن.
[3] - بۆ زانیاری زیاتر له‌م باره‌وه، ده‌توانن سه‌یری نووسینه‌کانی زانای ئیسلام ناسیی ئێرانی عه‌بدولکه‌ریم سرووش بۆ وێنه کتێبی" بسط تجربه‌ی نبوی" بکه‌ن.
[4] - ده‌توانن سه‌یری ئایه‌تی ئاخیری سووڕه‌تی ئه‌لئه‌حزاب بکه‌ن.


